ئوسێما زۆرکات ڕۆژەکەی دەستپێدەکات بە سەردانکردنی کەنار دەریای سیدی مەنسوڕ لە سفاکس، تونس. چێژدەبینێت لە دیمەنی دەریاکە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا ئازاربەخشە بۆی. ئەمە چونکە شارەکەی ئەو بۆتە خاڵی سەرەکی بۆ کۆچی نایاسایی. زۆر خەڵک کە بەدوای دەرفەتی نوێدا دەگەڕێن لە ئەوروپا، ئێرە بەکاردەهێنن وەک خاڵی سەرەتا بۆ پەڕینەوە دەریاییەکەیان. "ئەوان بێئاگان لەوەی چی چاوەڕێیان دەکات لەوێ، و ئەوان زۆر کەم دەزانن لەبارەی دەرفەتە بەردەستەکانیان لێرە لە تونس"، ئوسێما وای وت. ئەو ڕاوێژکارێکە لە سەنتەری ئەڵمانی-تونسی بۆ کار، کۆچ و ئاوێتەکردنەوە (CTA)، و ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێدەکات بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە. ئوسێما لە (CTA) کاردەکات بۆ پێدانی ڕاوێژ لەسەر بابەتەکانی وەک ڕاهێنان، دۆزینەوەی کار و دەستپێکردنی بازرگانییەک، هەروەها لەگەڵ ئەو کەسانەدا گفتوگۆ دەکات کە بەدوای ڕاوێژدا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کەسیی. سەنتەرە ڕاوێژکارییەکە لە سفاکس کرایەوە لە مانگی دووی ٢٠٢٠، دوای کردنەوەی ئەو سەنتەرەی کە لە تونسی پایتەختدا کراوەتەوە.
دوو سەنتەرەکە بەڕێوەدەبردرێن لەلایەن ڕێکخراوی (GIZ) ( Deutsche Gesellschaft für Internationale Zusammenarbeit (GIZ) GmbH.). ئەوان بەیەکەوە بەشێکن لە پرۆگرامی "گەڕانەوە بۆ دەرفەتە نوێکان" کە لەلایەن وەزارەتی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هەماهەنگی ئابووری و پەرەپێدان (BMZ) بەڕێوەدەبرێت.
کرانەوەکە لە سفاکس هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا. ئەمە مانای وایە کە ئوسێما زۆربەی کاتەکانی لەسەر تەلەفۆن بەسەردەبات. "بەڵام ئێمە دیداری ڕووبەڕووش ڕێکدەخەین ئەگەر کەسی دەستنیشانکراو لە دۆخێکی زۆر دژواردابێت"، ڕاوێژکارەکە وای وت. "ترسی ئەوە هەیە کە هەندێک شت ڕەنگە بەهەڵە بگات لەڕێی تەلەفۆنەوە." بێگومان ڕێساکانی پاکوخاوێنی دەبێت ڕەچاوبکرێن لەکاتی ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕووبەڕوودا.